سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەت لە چەند رۆژی داهاتودا سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن و دەستپێکردنی پڕۆژەی پردی توەقوت لەنێوان هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەسەر روباری سیروان رادەگەیەنن.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نێشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی شارەکە کۆبوەوە و پرسی بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی هەڵەبجە تاوتوێکردوە.
دوای کۆبونەوەکەش ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، “داوا لەحکومەتی هەرێم و هەمو وەزارەتەکان دەکەین هاوکارو و پشتیوانمان بن لەدوبار بنیاتنانەوەی هەڵەبجە و خزمەتکردنی”.
لای خۆیەوە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتودا سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی هەڵەبجە دەکەن بەمەستی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی پردی توەقوت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەوەندەی لە توانادا بێت، پرۆژە تەواو نەکراوەکان بخاتەوەگەڕو.