لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد: زانیاریی هەواڵگریان لەبارەی جوڵەكانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان هەیە.
لیوا بابەكر بە ماڵپەڕی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتوە: زانیاریی هەواڵگری هەیە لەسەر جوڵەی چەكدارانی داعش و گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، لەلایەكی دیكەوە هاوپەیمانانیش زانیاریی هەواڵگرییان هەیە لەسەر جوڵەكانی ئێستای ئەو رێكخراوە.
وتیشی: زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن داعش خۆی رێكخستوەتەوە، بە شێوەی گروپ و مەفرەزە لە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان سود وەردەگرن، ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی رابردو چەكدارانی داعش هەوڵەكانیان چڕتر كردوەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەهێز بكەن.
لیوا بابەكر جەختیلەوەشكردوەتەوە:جێگیرنەبونی سیستمی حوكمڕانی و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، زەمینەیان بۆ چەكدارانی داعش سازكردوە، سودی لە خاڵە لاوازەكانی حكومەتی عێراق بینیوە، بەمەش مەترسی بۆ سەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست كردوە.