ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیا ناوچە سنورییەکانی ناحیەی عەین عیسایان لە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای رەقە و لەنزیک رێگەی نێودەوڵەتی M4 تۆپباران کرد.
ئاژانسی هەواڵی باکور (NPA) بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەو وڵاتە، گوندی “فاطسة” یان لە سنوری ناحیەی عەین عیسای سەر بە پارێزگای رەقە تۆپباران کردوە، بەبێ ئەوەی زیانە گیانی و مادییەکان ئاشکرابکات.
لە چەند رۆژی رابردوشدا ناحیەی عەین عیسا لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تورکیا چەندجارێک تۆپبارانکراوە و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات وەڵامی هێرشەکە دراوەتەوە، هاوکات هەسەدە داوای لە روسیا کردوە ئەنقەرە ناچار بکات بە پابەندبون بە رێککەوتنی ئاگربەست.