Home » هەواڵ » عێراق » هەڵوێستی پارتی‌و یەكێتی لەسەر دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق
پارتی‌و یەكێتی

هەڵوێستی پارتی‌و یەكێتی لەسەر دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێناس جانۆ رایگەیاند، ئەوان بەشداری دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق ناكەن.
رێناس جانۆ راشیگەیاند “پێشووتریش هەوڵێكی هاوشێوە هەبوو، بەڵام سەری نەگرت، ئێستاش هەوڵێكی وا هەیە رەنگە لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە دانیشتنێك ساز بكرێت، بەڵام ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی بەشدار نابین”.
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگھێشتنامەیەكی ئاراستەی ئەندامانی كردووە كە ئامادەبن بۆ دانیشتنی نائاسایی لە كاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ تاوتوێكردنی تۆمەتەكانی ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی گشتی كە لە ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، هاوكات هەوڵ دەدات لە رێگەی دەنگدانەوە ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە رەت بكاتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا بەدانیشتنی نائاسایی” لە كاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە.
رۆژی شەممەی رابردوو بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە، ئەو دانیشتنە نائاساییەی پەرلەمان ئەنجام نەدرا كە بڕیار بوو بە مەبەستی تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەم هۆیەوە سەلیم جبوری ناچاربوو بەوەی دانیشتنەكەی كردە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری و دوای دانیشتنەكەش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان كرد كە لەو تانە و سكاڵایانە بكۆڵێتەوە كە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە گیراون. هاوكات داوای لە دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەكان كرد كە بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو تانە و سكاڵایانەدا بكات.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەشواق جاف پێشتر راگەیاندبوو، كە دانیشتنەكە بەمەبەستی تاوتوێكردنی شەفافییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.
سەبارەت بەئەگەری بەشدارینەكردنییان لە دانیشتنەكەدا، ئەشواق جاف رایگەیاند “ئێمە تانەمان لە پڕۆسەكە داوە بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها دەبێت دەستەی قەزائی هەڵبژاردنەكان سەیری تانەكان بكات و وەڵاممان دەداتەوە، ئێمە چاوەڕێی دەستەی قەزائیی هەڵبژاردنین و تا ئێستا هیچ بڕیارێكمان نەداوە”.
هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێبوار تەها بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە ئەوان بەشدارناكەن چونكە “ئەم دانیشتنە دانیشتنی دۆڕاوەكانە و باوەڕیش ناكەم دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت”.
لەبارەی ئەنجامی دانیشتەكە لەئەگەری ئەنجامدانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سۆزان بەكر بە ئاژانسی ئانادۆڵ راگەیاندبوو كە ئەوان وەكو فراكسیۆن بەشداری دانیشتنەكە ناكەن و هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە كە ئێستا پەرلەمان لە پشووی تەشریعییە و دانیشتنەكە هیچ ئەنجامێكی نابێت. لە هەمانكاتدا ناوی پەرلەمانتارانی خولی داهاتووش نێردراوەتە دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و سوێندی یاسایی بخۆن.
١٢ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانیشی لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٥٤ كورسی لە كۆی ٣٢٩ كورسیه بووە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە.
هەروەها هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی فەرماندەی حەشدی شەعبی، هادی عامری بە بەدەستهێنانی ٤٧ كورسی بووە براوەی دووەم و هاوپەیمانی نەسر-یش بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بە بەدەستهێنانی ٤٢ كورسی بووە براوەی سێیەمی هەڵبژاردنەكە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.