Home » هەواڵ » عێراق » كازمی هەڕەشەی دەستبەرداربوونی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەكات
مستەفا كازمی

كازمی هەڕەشەی دەستبەرداربوونی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەكات

سەرچاوەیەك لەناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكردووە، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری راسپێردراو لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی هێز و لایەنە شیعییەكان لە نووسینگەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح هەڕەشەی دەستبەرداربوونی كردووە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئەویش بەهۆی نیگەرانبوونی لە بەرهەڵستیكردنی لایەنە شیعییەكان لەو ناوانەی كازمی لە كۆبوونەوەكەدا بۆ پێكهێنانی كابینەكەی خستوونییەتە روو.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردووە، كە كازمی بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی راگەیاندووە، ئەو نایەوێت رووبەرووی هەمان چارەنوسی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراوی پێشوو ببێتەوە، كە نەیتوانی متمانەی پەڕلەمانتاران بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر گوشارەكان لەسەری بەو شێوەیە بەردەوام بن ئەوە لە ئەركی پێكهێنانی حكومەت دەكشێتەوە.

بەقسەی ئەو سەرچاوەیە كازمی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئامادەیە هەندێك گۆرانكاری لەو ناوانەدا بكات، كە خستوونییەتە روو، بەڵام ئەگەر بێت و لایەنە سیاسییەكان بەرهەڵستی بكەن ئەوە بێ دوودڵی پاشەكشە دەكات .

بەگوێرەی میدیای عێراق مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەكەی نووسینگەی هادی عامری ئەو ١٤ ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان خستووەتە بەردەم هێز و لایەنە شیعییەكان.

خالید بەتال، وەزارەتی پلاندانان

حارس حەسەن، وەزارەتی دەرەوە

ئیبراهیم بەحرلعلوم، خوێندنی باڵا

فوئاد حوسێن، دارایی

خالید شوانی، داد

ڕێزان محەمەد، شارەوانییەكان

محەمەد شیاع سودانی، كشتوكاڵ

هیشام ساڵح داود، نەوت

جاسم محەمەد ئەسەدی، سەرچاوەكانی ئاو

عەدنان زورفی، كارەبا

كازم سەهلانی، وەزارەتی كار

هاشم شەدیدی، وەزارەتی ڕۆشنبیری

مەزاحم تەمیمی، ناوخۆ

مەزاحم خەیات یان فەلاح ئەحمەد، وەزارەتی پەروەردە.

سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاندووە، لایەنە شیعییەكان بەرهەڵستی خۆیان بەرنابەر بەچەند ناوێك لە لیستەكەی كازمیدا پیشانداوە، بەڵام ئاماژە بەهیچ كام لەو ناوانە نەكراوە.

باس لەوەش كراوە، كە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە داوایان لە كازم كردووە هەندێك گۆڕانكاری لە ناوەكاندا بكات، بەتایبەت لەو ناوانەی لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا وەزیر بوون و دووبارە دانراونەتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.

Time limit is exhausted. Please reload the CAPTCHA.